بێگەرد تاڵەبانی داواکاری جوتیارانی ھەرێم دەگەیەنێت بە سودانی

26/05/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

بێگەرد تاڵەبانی رایگەیاند، بە مەبەستی چارەسەکردنی کێشەی کەمی وەرگرتنی بڕی گەنم لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، ھەوڵەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوامن لەپێناو چارەسەرکردنی و زیادکردنی بڕی دیاریکراو.

لەوبارەیەوە بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشوکاڵ وسەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، بە کوردسات نیوزی راگەیاند، پەیوەندیمان کردووە بە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی عێراق بەمەبەستی چارەسەر کردنی گرفتی کەمی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی ھەرێمی کوردستان و داوامان کردووە ئەو بڕەی کە دیاری کراوە بۆ ھەرێم زیاد بکرێت.

وتیشی، بڕیارە داواکارییەکەمان کە داواکاری جوتیارانی ھەرێمە، بەم نزیکانە بگاتە بەردەستی محەمەد شیاع سودانی سەرۆکی وەزیرانی عێراق .

ئاماژەیبەوەشدا، کە جوتیارانی ھەرێم رەنجێکی زۆریان داوە تاوەکو بەرھەمی گەنمیان بەڕێژەیەکی باش بڕواتە بازاڕەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و ئێمەش ھەوڵی جددی دەدەین تاوەکو ئەو رێژەیەی دیاری کراوە زیاد بکرێت لە چوارچێوەی پلانی بەبازاڕکردنی گەنم لەلایەن وەزارەتی بازرگانی عێراق، بە ھەمان شێوەی جوتیارانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، بەھۆی بوونی ڕێژەیەکی زۆر باشی گەنم لە ئەمساڵدا لە ھەرێمی کوردستان.