بەهای لیرەی توركی ئاستێكی پێوانەیی و مێژوویی لە دابەزین تۆمار دەکات

26/05/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

لەماوەی ٢٤ سەعاتی رابردوودا بەھای لیرەی تورکی لە بۆرسەی جیھانیدا ئاستێکی پێوانەیی لە دابەزین تۆمارکردووە، بەشێوەیەک ١٠٠ دۆلار دوو ھەزار لیرەی تێپەڕاند، ئەوەش نزمترین ئاستی مێژووییە و مەترسییەکی زۆریشی لەسەر دراوی ئەو وڵاتە دروستکردووە و ئەردۆغانیش بەردەوام بەڵێنی چارەسەرکردنی دەدات، بەڵام تائێستا ھەوڵەکانی بێ ئەنجام بوون.

بە پێی بۆرسەی جیھانی لە دواین گۆڕانکاری دراوەکاندا ١٠٠ دۆلار گەیشتووەتە دووھەزار و ٣٠ لیرە و بەو نرخە مامەڵەی پێوەکراوە، لەماوەی رابردووشدا بەتایبەتیش لەکاتی خولی یەکەمی ھەڵبژاردنە سەرۆکایەتی و پەرلەمانییەکەی تورکیا، پشک و قەواڵەی سیادی ئەو وڵاتە کە بە دۆلار کڕیویەتی دابەزینی زۆری تۆمارکرد و لە بەرامبەریشدا تێچووی بیمەی قەرزە دڵنیابووەکانی تورکیا زۆر بەرزبووەتەوە.

رەجەب تەیب ئەردۆغان و کەمال کڵیچدارئۆغڵو دوو رکەبەری سەرەکی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا، لەکاتی بانگەشەی ھەڵبژاردندا یەکێک لە تەوەر و بەڵێنە سەرەکییەکانیان چارەسەرکردنی کێشەی دابەزینی بەھای لیرە بووە، بەشێوەیەک ئەردۆغان بەردەوام بەڵێنی داوە ھەموو کارێک دەکات لە پێناوی گەشەپێدان و سەقامگیری بەھای لیرە و ھەڵاوسانیش لەماوەی چەند مانگێکی کەمدا بەرێژەیەکی بەرچاو کەمدەکاتەوە، کڵیچدار ئۆغڵوش بەڵێنی داوە لە ئەگەری سەرکەوتن و بوون بە سەرۆککۆمار، بانکی ناوەندی تورکیا سەربەخۆ دەبێت کە ئەوەش رێگەیەکی سەرەکییە بۆ بەرزکردنەوەی بەھای لیرە و رێگرتن لە زیاتر دابەزینی.

لەمانگی چواری ئەمساڵدا کاتێک ١٠٠ دۆلار گەیشتە ھەزار و ٩٥٩ لیرە، میدیاکانی تورکیا باسیان لەوە کرد کە لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە بۆ یەکەم جارە بەھای لیرە بەو ئاستە داببەزێت و بە دابەزینێکی مێژوویی وەسفیان دەکرد.

ئەم دابەزینەی بەھای لیرەی تورکی بەو ئاستە مێژووییە لەکاتێکدایە کە تەنھا دوو رۆژی ماوە بۆ بەڕێوەچوونی خولی دووەمی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا کە ٢٨ی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت، لە خولی یەکەمیشدا کە ١٤ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو ھیچ کام لە سێ کاندیدەکەی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ٥٠+١یان بەدەستنەھێنا، بەشێوەیەک رەجەب تەیب ئەردۆغان ٤٩.٥٢% و کەمال کڵچدارئۆغڵو ٤٤.٨٨% و سینان ئۆغان ٥.١٧%ی دەنگەکانیان بەدەستھێنا.