قوباد تاڵەبانی بۆ کوردە ئازاکەی بەریتانیا: شانازیت پێوەدەکەین

24/05/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

قوباد تاڵەبانی ستایشی ھەڵوێستە ئازایانەکەی کوردەکەی بەریتانیای کرد کە لە رووداوێکی ئاگرکەوتنەوەدا توانی ژیانی ٣٠ کەس رزگار بکات.

رۆژی چوارشەمە ٢٤ی ئایار قوباد تاڵەبانی لەڕێگەی تەلەفونەوە پەیوەندیی بە سەروەر مەحمود _ەوە کرد و دەستخۆشی لێکرد کە بەھۆی ھەڵوێستە ئازایانەکەیەوە توانیویەتی ژیانی ٣٠ کەس لە مردن رزگار بکات و پێشی وت کە وەک کوردێک شانازیت پێوە دەکەین.

لە بەرامبەردا سەروەر مەحمود وتی، زۆر دڵخۆش بووە کە جێگری سەرۆکوەزیرانی ھەرێم پەیوەندیی پێوەکردووە و دەستخۆشی لێ کردووە، ئەم جۆرە ھەڵوێستانە ھاندەرێکە بۆ ھەموو ئەو کوردانەی لە دەرەوەی وڵات بە شێوازی جۆراوجۆر ناو و ناوبانگی کورد بە جوانی نیشانی وڵاتانی دیکە دەدەن.

 سەروەر مەحمود تەمەنی ٣٩ ساڵە و ھاووڵاتییەکی بەریتانیایە و خەڵکی شاری کەلارە، رۆژی چوار شەممەی ھەفتەی رابردوودا کاتێک دەبینێت باڵەخانەیەک بەھۆی شۆرتی کارەباوە ئاگری گرتووە، بە ھانای ئەو خەڵکەوە دەچێت کە لە ئاگرەکەدا گیریان خواردوە و تاکو تیمەکانی فریاکەوتن دەگەنە شوێنی رووداوەکە ژیانی ٣٠ کەس لە دانیشتوانی ناو باڵەخانەکە رزگار دەکات.