لە شاری سنە مامۆستایەکی ئاینی سزای زیندانی بەسەردا دەسەپێندرێت

24/05/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

مامۆستایەکی ئاینی لە شاری سنە سزای حەوت مانگ و ١٥ رۆژ زیندانی بەسەردا سەپێنرا، لە سنە و گیەڵانیش دوو کەس دەستگیرکران.

بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافی مرۆڤ، مامۆستا عەبدولجەبار لوتفی کەسایەتیی ئایینی و پێشنوێژی مزگەوتی ئەرشاد_ی شاری سنە، لەلایەن دادگای تایبەت بە مامۆستایانی ئایینی لە شاری ھەمەدان، بەتۆمەتی پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی و شێواندانی بیروڕای گشتیی خەڵک سزای حەوت مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکردن و لێدانی ٧٤ قامچی و لێسەندنەوەی جلوبەرگی ئایینیی بەسەردا سەپێنرا.

ھاوکات رێکخراوی ھەنگاو راشیگەیاندوە، ھاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی نییەر_ی سەربە  پارێزگای سنە بە ناوی شێرکۆ مینبەری، لەلایەن ھێزەکانی حکومەتەوە بەبێ ھیچ بەڵگەیەکی یاسایی و دادوەری، دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

لەلایەکی تریشەوە سەلمان ئولفەتی چالاکی مەدەنی خەڵکی گیەڵان سەر بە پارێزگای کرماشان لەلایەن ھێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ بەندیخانەی دیزڵئاوای کرماشان گوازراوەتەوە، لەگەڵ پشکنینی ماڵەکەیدا کەلوپەلە تایبەتەکانیشی دەستیبەسەردا گیراوە.