لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران دواین کۆبوونەوەی لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە دەکات

24/05/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

ئەمرۆ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دواین کۆبوونەوەی خۆی لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە دەکات و سبەینێش راپۆرتی کۆتایی پێشکەش بە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران دەکات.

د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، گفتوگۆکانی لیژنەی دارایی لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە لە کۆتاییدان و زۆربەی بڕگە و ماددەکانی دەنگیان لەسەردراوە و تەنھا چەند بڕگەیەکی کەم ماوە دەنگیان لەسەر بدرێت کە لەنێویاندا دوو بڕگەی تایبەت بە ھەرێم ھەیە کە تائێستا یەکلاینەکراونەتەوە، کە چاوەڕێ دەکرێت ئەمڕۆ ئەوانیش دەنگیان لەسەر بدرێت.

وتیشی، ئەمڕۆ لیژنەکەیان دواین کۆبوونەوەی خۆی لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە دەکات و سبەینێ راپۆرتی کۆتایی پێشکەش بە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران دەکات بۆ ئەوەی لەسەرەتایی ھەفتەی داھاتوودا کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بکرێت و دەنگی لەسەر بدرێت.

لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممە چەند بڕگەیەکی سەبارەت شایستەی خانەنشینان و دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ و فەرمانبەرانی گرێبەست، بۆ پڕۆژە یاسای بودجە زیادکرد کە داواکاری ژمارەیەک ھێز و لایەنی سیاسی بوو بۆ دەنگدان بە پڕۆژەیاسای بودجە.