بەھۆی راگرتنی ھەناردەی نەوتی ھەرێم عێراق ھەوڵی نۆژەنکردنەوەی چەند بۆرییەکی نەوت دەدات

24/05/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

بەھۆی راگرتنی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستانەوە، عێراق ھەوڵی نۆژەنکردنەوەی چەند بۆرییەکی نەوت دەدات، لەگەڵ سێ وڵاتی عەرەبیدا.

فەرھاد عەلادین، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابوری قەتەر رایگەیاند، دانوستان ھەیە بۆ نۆژەنکردنەوەی بۆری نەوتی سعودیە کە لە ساڵانی حەفتاکاندا بوونی ھەبووە. 

ھەروەھا، بیر لە کاراکردنەوەی بۆری نەوتی لە ڕێی سوریاوە دەکرێت، لەگەڵ ھێڵی "بەسرە_عەقەبە"، سەرجەم ئەو بژاردانەش لە توێژینەوەدان لەلایەن راوێژکارانەوە. 

سەبارەت بەدەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمیش، راوێژکارەکەی سەرۆک وەزیران وتی، لایەنی تورکی دەڵێت کێشەی تەکنیکی ھەیە کە ئاستەنگە لەبەردەم دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت، بەڵام پێدەچێت ھەڵبژاردنەکانی تورکیا لەئێستادا ئەولەویاتی لێپرسراوانی ئەو وڵاتە بن.

سەبارەت بە غازیش، "فەرھاد عەلادین" وتی، عێراق ھەوڵدەدات ئەو غازە بقۆزێتەوە کە لە پڕۆسەکانی بەرھەمھێناندا بەھەدەردەچێت و نزیکەی ١٦٠٠ بۆ ١٨٠٠ ملیۆن پێ سێجا دەبێت.