هاوکاری دارایی ئاوارە ئێزدییەکان دەکرێت

24/05/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بڕی ملیۆنێک و ٥٠٠ ھەزار دینار وەک کۆمەک دەداتە ئەو خێزانە ئێزدییانەی لە کەمپەکانی ھەرێمی کوردستانەوە گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.

عەلی عەباس جیھانگیر، وتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، وەزارەتەکەی کار بۆ تۆمارکردنی ناوی ئەو خێزانە ئێزدییانە دەکات کە ئارەزومەندانە لە کەمپەکانی ھەرێمی کوردستانەوە گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، تاکو ھەر خێزانێک بە بڕی ملیۆنێک و ٥٠٠ ھەزار دینار کۆمەک بکرێن.

وتیشی، ھەماھەنگییان لەگەڵ رێکخراوە مرۆییەکاندا ھەیە بەمەبەستی گەرەنتی گەڕانەوەی ھەموو ئەو ئاوارانەی خوازیارن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان. 
دووپاتیشیکردەوە، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران پشتیوانی سەرجەم ئاوارەکانی نێو کەمپەکان دەکات بە تایبەت ئاوارە ئێزدییەکان لە رێگەی گەرەنتیکردنی گەڕانەوەی ئارەزومەندانە و دابینکردنی سەرجەم پێداویستییە ھونەری و ئەمنییەکان لەناوچەکان بنەڕەتییەکانی خۆیان.