دادگای فیدراڵی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان و بەشەخۆراکی ھاووڵاتیان تاوتوێدەکات

24/05/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر دوو سکاڵا دژی ھەرێم کۆدەبێتەوە، کە بریتین لە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان و پارەی بەشەخۆراکی ھاووڵاتیانی ھەرێم.


دادگای فیدراڵی عێراق جارێکی دیکە لەسەر سکاڵایەک سەبارەت بە یاساییبوون یاخود نایاساییبوونی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە، کە ئەو سکاڵایە  لە دژی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە و داواکراوە یاسای درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان پوچەڵبکرێتەوە.

دوایین کۆبوونەوەی دادگای فیدراڵی لەسەر پەرلەمانی کوردستان ٣ی ئایار بەڕێوەچوو، دانیشتنەکە بە ئامانجی وەرگرتنی بۆچوونی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق سەبارەت بە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دواخرا بۆ ئەمڕۆ، کە بڕیارە نوێنەری کۆمیسیۆن ئامادەی دانیشتنەکە بێت.

ھەر لەو دانیشتنەدای ئەمڕۆدا، دادگای فیدراڵی سەبارەت بە سکاڵایەکی بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای گشتی بازرگانی بەشەخۆراکی عێراق لەسەر وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی ھەرێم و بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی ھەولێر کۆدەبێتەوە، کە داواکراوە سکاڵالێکراو پابەندبکرێت بەپێدانی بڕی ئەو پارەیەی لەبەرامبەر بەشەخۆراکی مانگانە وەریگرتووە کە داوای پارەی ١٧ ساڵی مانگانەی بەشەخۆراکی ھاووڵاتیانی ھەرێم دەکرێت، کە نەگەڕێنراوەتەوە بۆ عێراق و ساڵانی ٢٠٠٤ تا ٢٠٢١ دەگرێتەوە.