لیژنەی دارایی چەند ماددەیەکی نوێی بۆ پرۆژەیاسای بودجە زیاد دەکات

23/05/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

لیژنەی دارایی چەند بڕگەیەکی نوێی بۆ پرۆژەیاسای بودجە زیادکرد، بڕگەی دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ و فەرمانبەرانی گرێبەستیش پەسەندکرا.

موحسین مەندەلاوی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی لیژنەی دارایی کرد لەبارەی گفتوگۆ لەسەر پرۆژەیاسای بودجە و دوای کۆبوونەوەکەش رایگەیاند، چەند ماددەیەکی نوێ بۆ پرۆژەیاساکە زیادکراوە و دەنگیشیان لەسەر دراوە، کە یەکێکیان بریتییە لە شایستەی خانەنیشینبووان بەوانەشەوە کە لە ژیاندا نەماون و پێشتر بەھۆی زۆری تەمەنیانەوە لەسەر میلاکی رەسمی ھەژمار نەکراون.

مەندەلاوی جەختیشیکردەوە لەسەر پەلەکردن لە یەکلاییکردنەوەی پڕۆژەی بودجە و بەرزکردنەوەی بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان و پەسەندکرد.

لای خۆیەوە، ئیخڵاس دلێمی جێگری سەرۆکی لیژنەی داراییش رایگەیاند، لەو کۆبوونەوەیەدا بڕگەی پابەندکردنی وەزارەتی دارایی بە دامەزراندانی مامۆستایانی وانەبێژ و فەرمانبەرانی گرێبەست بەو مەرجەی تائێستا لەسەر کارەکانیان بەردەوام بن و زیاتر لە دوو ساڵیش خزمەتیان ھەبێت و لەرۆژی ئیمزاکردنی گرێبەستەکەیەوە تائێستا لەکارەکانیان دانەبڕابێتن.