دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لەوڵاتانی دەرەوەی تورکیا و خاڵە سنورییەکان بەردەوامە

23/05/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

دەنگدان لە وڵاتانی دەرەوەی تورکیا بۆ خولی دووەمی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا بەردەوامە، رێژەی دەنگدانیش لە چاو خولی یەکەمی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بەرزترە.

کۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی تورکیا رایگەیاند، تا رۆژی سێشەممە ملیۆنێک و ٥٨٥ ھەزار و ٣٣٤ کەس لە وڵاتانی دەرەوە و خاڵە سنورییەکان بەشدارییان لە دەنگدان کردووە، دەنگدانیش تا ئێوارەی رۆژی چوارشەممە بەردەوامدەبێت. 

سەرەڕای ئەوەی رۆژانی دەنگدان لە دەرەوەی تورکیا و خاڵە سنورییەکان لە خولی دووەم تەنھا پێنج رۆژە، بەڵام بەراورد بە خولی یەکەمی ھەڵبژاردن کە ١٢ رۆژ بوو، چاوەڕواندەکرێت ژمارەیەکی زیاتر لە دەنگدەران بەشداری لە ھەڵبژاردندا بکەن.

لە خولی یەکەمی ھەڵبژاردندا رێژەی بەشداریکردنی دەنگدانی دەرەوە و خاڵە سنورییەکان ٥٣٪ی تێپەڕاند، زۆربەی دەنگدەرانیش دەنگیان بە رەجەب تەیب ئەردۆغاندا، بەتایبەت دەنگدەرانی نیشتەجێی ئەڵمانیا کە نیوەی دەنگدەرانی دەرەوەی تورکیا پێکدەھێنن.