فراکسیۆنی یەکێتی داوادەکات قەرەبووکردنەوەی ئاوارەکان ھەڵەبجە و راپەڕینیش بگرێتەوە

23/05/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران داوای لە وەزیری کۆچ و کۆچبەران کرد بڕیاری قەرەبووکردنەوەی خێزانە ئاوارەکان بە پێدانی زەوی نیشتەجێبوون، ئاوارەکانی ھەڵەبجە و راپەڕین و ئەو کەسانەش بگرێتەوە کە ئاوارەی ئێران بوون.

غەریب ئەحمەد، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە کوردسات نیوزی راگەیاند، رۆژی دووشەممە وەک پەرلەمانتارانی یەکێتی سەردانی وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراقیان کرد و داوایانکرد بڕیاری قەرەبووکردنەوەی ئاوارەکان پارێزگای ھەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕینیش بگرێتەوە کە لە ناوخۆدا ئاوارەبوون و یان پێشتر ئاوارەی ئێران بوون و تائێستا نەگەڕاونەتەوە.

وتیشی، لەو دوو سنورەدا سەدان خێزانی ئاوارەی شنگال، نەینەوا و ناوچەکانی دیکە ھەن کە دوای ھێرشەکانی داعش نیشتەجێبوون و بەھۆی دابیننەکردنی پێداویستییەکانیان نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان.

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بڕیاریداوە بەمەبەستی ھاندانی ئاوارەکان بۆ گەڕانەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان، بۆ ھەر خێزانێک زەوی نیشتەجێبوون یان ھاوکاری داراییان پێبدرێت، لەم بارەیەوە پەرلەمانتارەکەی فراکسیۆنی یەکێتی ئەوەی خستەڕوو، وەزیری کۆچ و کۆچبەران پێشوازی و پشتیوانی خۆی بۆ داواکارییەکەیان دەربڕیووە تاوەکو بڕیارەکە ئاوارەکانی کوردستانیش بگرێتەوە.