ھاتووچۆی سلێمانی رەتیدەکاتەوە لە یەک رۆژدا زیاتر لە ٣٨٥ ھەزار سەرپێچی تۆمارکرابێت

23/05/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

ھاتووچۆی سلێمانی رەتیدەکاتەوە لە یەک رۆژی کارکردنی کامێراکانی پۆینت تو پۆینت زیاتر لە ٣٨٥ ھەزار سەرپێچی تۆمارکرابێت و دەڵێت، ئەو ئامارەی بڵاوکراوەتەوە لە ماوەی ساڵێکدا تۆمارکراوە.

بەڕێوەبەرایەتیی ھاتووچۆی پارێزگای سلێمانی لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت، ئامارێک بڵاوکراوەتەوە کە گوایە لە ماوەی ٢٤ سەعاتدا ٣٨٥ ھەزار سەرپێچی تۆمارکراوە، وەک تۆمارکردنی سەرپێچییەکان ئامارەکە دروستە، بەڵام لە ماوەی ٢٤ سەعاتدا نییە، بەڵکو لەسەرەتای دەستبەکاربوونی کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەکەوە ئەو ئامارە تۆمارکراوە و بەشێوەی تێست بووە، واتا ھیچ کام لەو سەرپێچییانەی کە تۆمارکراون و دەکرێن لەلایەن کامێراکانی چاودێری خێرایی پۆینت تو پۆینت، لە رێگەی تاسڵوجە-دوکان ھەژمار ناکرێن. 

راشیگەیاند، ئەو ھەڵەیەی روویداوە لە پێدانی زانیاری بووە لەلایەن فەرمانبەری بەشی ئاماری کۆمپانیای جێبەجێکاری کامێراکان، واتە ئاماری سەرپێچییەکان تەنھا لە ماوەی ٢٤ سەعاتدا نەبوون، بەڵکو بە درێژایی تێستی کامێراکان بووە لە ساڵی رابردووەوە تائێستا و لەسەر ھیچ شۆفێرێکیش ھەژمار نەکراوە. 

ئەو روونکردنەوەی لەکاتێکدایە بەختیار محەمەد بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی ھاتووچۆی سلێمانی بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، تەنھا لە رۆژی دووشەممە لە رێگەی دوکان- تاسڵوجە ٣٨٥ ھەزار و ٢٠٠ سەرپێچی ئۆتۆمبێل تۆمارکراوە.