دەستەی دەستپاکی عێراق: ٨٣ ملیۆن دۆلاری داھاتی کۆمپانیایەکی حکومی دیارنەماوە

23/05/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

دەستەی دەستپاکی عێراق رایگەیاند، نزیکەی ٨٣ ملیۆن دۆلار لە داھاتی کۆمپانیایەکی سەر بە وەزارەتی پیشەسازی دیارنەماوە، ئەوەش گەندەڵییەکی گەورەیە و دۆسیەکەیان رادەستی دادگا کردووە.

دەستەی دەستپاکی عێراق لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، لەنێوان ساڵانی ٢٠١٧ تاوەکو ٢٠٢٢ داھاتی کۆمپانیایەکی سەر بە وەزارەتی پیشەسازی لە پارێزگای بابل ٢١٠ ملیۆن دۆلار بووە، بەڵام لە لیستی داھات و خەرجییەکاندا بە ١٢٧ ملیۆن دۆلار مەزەندە کراوە.

ئەوەشی خستووەتەڕو، زۆرینەی بەڵگەنامەکان لەلایەن کارمەند و بەرپرسانی کۆمپانیاکەوە دیارنەماون یان لەناوبراون، بەڵام دەستەکەیان لە داتای ناوەندی وەزارەتی پیشەسازییەوە خەرجی و داھاتی کۆتایی کۆمپانیاکەی دەستکەوتووە و بۆی دەرکەوتووە کە گەندەڵی ئەنجامداوە.

ھاوکات دەستەی دەستپاکی دەشڵێت، لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکەدا بەردەوامە و ئەوانەی کەمتەرخەمبوون روبەڕوی رێکاری یاسایی دەکرێنەوە.