لیژنەی دارایی زانیاری نوێ لەبارەی پشکی ھەرێم لە بودجەدا ئاشکرا دەکات
کوردسات نیوز
ھەرچەندە بڕیاربوو شەوی رابردوو لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق گفتوگۆکانی پڕۆژەیاسای بودجە کۆتایی پێبھێنێت، بەڵام یەکلایینەکردنەوەی پشکی ھەرێم و چەند برگە و ماددەیەکی دیکە پەسەندکردنی بودجەی بۆ رۆژانی داھاتوو دواخست.
موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە رۆژنامەی سەباح-ی راگەیاند، لیژنەکەیان راپۆرتی کۆتایی خۆی لەسەر زۆرینەی برگە و ماددەکانی پڕۆژەیاسای بودجە ئامادە کردووە، ئەمڕۆش ماددەکانی پەیوەست بە پشکی ھەرێم یەکلایی دەکرێتەوە.
ئەوەشی خستوەتەڕو، دوای یەکلاییکردنەوەی پشکی ھەرێم و ھەمواری چەند بڕگە و ماددەیەکی دیکە، لەکۆتایی ئەم ھەفتەیەدا پڕۆژەیاسای بودجە بۆ دەنگدان ئامادە دەبێت و ئاڕاستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران دەکرێت.
شەوی رابردوو لیژنەی دارایی دەنگیدا لەسەر چەند ماددەیەکی بودجە کە پەیوەستن بە دانانی باج لەسەر بەرھەمەکانی نەوت، بەنزین و گاز لەگەڵ دانانی باج لەسەر ئەو کەسانەی گەشتی دەرەوەی وڵات دەکەن.
|