ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران دەستی لەکارکێشایەوە

22/05/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

"عەلی شەمخانی" ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران دەستی لەکارکێشایەوە و کەسێکی دیکە بۆ جێگرتنەوەی دیاریکرا.

ئاژانسی نور نیوزی سەر بە ئەنجومەنی باڵای ئێران، ھەواڵی دەستلەکارکێشانەوەی  "شەمخانی" پشتڕاست کردووەتەوە و راشیگەیاندووە، لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا شەمخانی ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران بووە. 

ھاوکات "شەمخانی" لە تویتەرەوە دێڕە ھۆنراوەیەکی بڵاوکردووەتەوە، کە میدیاکان بەوە لێکدانەوەیان بۆ کردووە کە تەئکید کردنەوەیە بۆ دەستلەکارکێشانەوەی.

ئاژانسی ھەواڵی "تەسنیم"یش بڵاویکردەوە، سەرۆکی ئێران "عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان"ی لە شوێنی "شەمخانی" دیاریکردووە. 

"شەمخانی" لە ساڵی ١٩٥٥ لە شاری "ئەھواز" لەدایکبووە و فەرماندەی سەربازی ئێران بووە و تا ساڵی ٢٠٠٥ وەزیری بەرگری وڵاتەکە بووە. لەسەرەتای دەسەڵاتی "حەسەن روحانی" سەرۆکی پێشووی ئێرانەوە، بووە ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران. لە ماوەی رابردووشدا، "شەمخانی" سەرکردایەتی دانوستانەکانی لەگەڵ سعودیە کرد، کە بەبەھۆیەوە کۆتایی بە ٧ ساڵ دابڕان لە پەیوەندی ئەو دوو وڵاتە ھێنرا و رێککەوتنی لێکەوتەوە.