ساڵانە کرێکارانی بیانی ٦٠٠ ملیۆن دۆلار لە عێراق دەبەنە دەرەوە

20/05/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی رایگەیاند، کرێکارانی بیانی ساڵانە ٦٠٠ ملیۆن دۆلار حەواڵەی دەرەوەی عێراق دەکەن، لەکاتێکدا بێکاری راستەقینە لە عێراق ١٦ ٪ی کۆی ھێزی کار پێکدەھێنێت.

مەزھەر محەمەد ساڵح راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی رایگەیاند، دەستی کاری بیانی لە عێراق ئازادییەکی تەواوی ھەیە شایستەکانی لە کرێ و مووچەی مانگانە بگوازێتەوە بۆ وڵاتەکەی خۆی دوای دانی باج و رەسمی یاسایی، لەھەمانکاتیشدا پێویستە وڵاتانی بیانی رێگە بە عێراقییەکانی دەرەوە بدەن پارەکانیان بگوازنەوە بۆ عێراق.

وتیشی، لەکاتێکدا بێکاری راستەقینە دەگاتە ١٦٪_ی کۆی ھێزی کار لە دانیشتوانی چالاکی ئابوری و ژمارەیان دەگاتە شەش ملیۆن کرێکار لە بازاڕی کاردا جگەلە فەرمانبەرانی حکومی، وڵات پڕە لە کرێکاری بیانی  کە زۆرینەیان لە کەرتی خزمەتگوزاری سنوردار و بەرھەمھێنەری لاواز کاردەکەن و دەکرێت بە ئاسانی بە کرێکاری عێراقی شوێنەکانیان پڕ بکرێتەوە.

راوێژکاری سەرۆکوەزیران رونیشیکردەوە، ساڵانە کرێکارانی بیانی ٦٠٠ ملیۆن دۆلار لە عێراق دەبەنە دەرەوە، ئەوەش بووتە ھۆی بەھەداردانی سەرچاوەیی دارایی وڵات و داھاتەکەی.