زیاتر لە ٤٠٠ دۆنم دەغڵودانی جوتیاران لەسنوری ئامرلی و خورماتوو دەسوتێت

20/05/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

لەماوەی سێ رۆژدا بەھۆی ھەورەبروسکەوە، سەدان دۆنم دەغڵودانی جوتیارانی سنوری قەزاکانی خورماتوو و ئامرلی و ناحیەی سلێمانبەگ سوتاوە، بەشێک لە جوتیارانیش دەڵێن، ھێزە ئەمنییەکان رێگری دەکەن لە دروێنەکردنی دەغڵودانەکانیان.

پەیامنێری کوردسات نیوز لە خورماتوو رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمرۆ لە سنوری قەزای ئامرلی و گوندی قەرەناز و ناوچەی زەرگە بەھۆی ھەورە بروسکەوە، ئاگر لە دەغڵودانی جوتیاران کەوتووەتەوە، رۆژی ھەینیش  لە گوندەکانی زەنجەلی و عەبود، بەھەمان شێوە دەغڵودانی جوتیاران سوتاوە.

نیوز راشیگەیاند، بەھۆی ھاتنی شەپۆلێکی باران بارین و دروستبوونی ھەورە بروسکە، رۆژی پێنج شەممەی رابردووش، ئاگر لە دەغڵودانی جوتیارانی گوندی سنگور کەوتەوە.

بە پێی خەمڵاندنەکانی بەرگری شارستانی خورماتوو لە ماوەی سێ رۆژدا ٤٠٠ بۆ ٥٠٠ دۆنم دەغڵودانی جوتیاران سوتاوەو ھۆکاری کەوتنەوەی سەرجەم ئاگرەکانیش ھەورە بروسکە بووە.

بەشێک لەو جوتیارانیش نیگەرانن لە دواکەوتنی دروێنەی دانەوێڵەکانیان و دەڵێن، ھێزە ئەمنییەکان رێگەنادەن بە شەو دروێنە بکەن.