محەمەد شیاع سودانی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق کۆدەبێتەوە

18/05/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان کۆبووەوە و ئامادەکارییەکانی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانیان تاوتوێ کرد.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیران بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکوەزیران جەختی کردووەتەوە لەسەر پێشکەشکردنی ھەموو پاڵپشتییەک بۆ کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان، بۆ ئەوەی لە ئەرکەکەیدا سەرکەوتوو بێت بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پارێزگاکان.

ئاماژەی بەوەشدا‌وە، سەرکەوتنی کار و ئەرکەکانی کۆمیسیۆن لە رێکخستن و ئەنجامدانی ھەڵبژاردەکان، پابەندوونی حکوومەت بە ئەنجامدانی پرۆسەکە دووپات دەکاتەوە.

رۆژی ٢٦ی مانگی نیسانی رابردوو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی پەسەند کرد، شەشی تشرینی دووەمی ئەمساڵی بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دیاریکرد.