کۆرۆنا لە رۆژھەڵاتی کوردستان لە پەرەسەندندایە

23/04/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

کۆرۆنا لە رۆژھەڵاتی کوردستان لە پەرەسەندندایە و مەترسی بەرزبوونەوەی ئاماری گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسەکە لەئارادایە.

فەرەیدون عەبدولمەلەکی سەرۆکی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی سنە رایگەیاند، لە ماوەی ٢٤ سەعاتدا حەوت کەسی تر تووشی کۆرۆنا بوون و کەسێکیش بە ڤایرۆسەکە گیانی لەدەستداوە، وتیشی لە ئێستا ٢٥ توشبووی کۆرۆنا لە نەخۆشخانە خەوێندراون کە چوار کەسیان لەژێر چاودێری چڕی پزیشکیدان.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر پابەندنەبوونی خەڵک بە رێکارە تەندروستییەکان بەردەوام بێت، لە رۆژانی داھاتوودا ئاماری توشبووان و گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا بەرزدەبێتەوە.

ھاوکات حامید بەھرامیان بەرپرسی راگەیاندنی لیژنەی کۆنتڕۆڵکردنی کۆرۆنا لە پارێزگای کرماشان رایگەیاند، لە یەک مانگی رابردوودا ١٠ کەس بە کۆرۆنا لە پارێزگاکە گیانیان لەدەستداوە، لە ئێستاشدا ١٨ توشبووی کۆرۆنا لە نەخۆشخانە خەوێندراون کە باری تەندورستی یەکێکیان ناجێگیرە.

ئەوەشی خستەڕوو، ئاماری توشبووانی کۆرۆنا لە کرماشان جارێکی تر بەرزبووەتەوە و شاری سەنقوریش چووەتە رەوشی سوری کۆرۆناوە.