راپۆرتێکی ئەمریکا لەبارەی پێشێلکرکردنی مافەکانی مرۆڤ تورکیای توڕە کردووە

25/03/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

راپۆرتێکی ئەمریکا لەبارەی پێشێلکرکردنی مافی مرۆڤ لە تورکیا و سوریا حکومەتی ئەنقەرەی توڕە کردووە و دەڵێت ھەمیشە ئەمریکا بەبێ بەڵگەی رەسمی قسە دەکات.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راپۆرتێکی بێبنەما و دوور لە راستی بەبێ بەڵگەی باوەڕپێکراو و رەسمی بڵاوکردووەتەوە کە سوپا و ھێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە ناو خاکی سوریا و چەند شارێکی وڵاتەکەیان پێشێلکارییان بەرامبەر مافەکانی مرۆڤ ئەنجامداوە و بەبێ بڕیاری دادەر خەڵکیان رفاندوە یان دەستگیرکردوە، کەھەموو ئەوانە دوورن لە راستییەوە.

راشیگەیاندووە، ئەمریکا ھەر وڵاتێک لە ژێر کۆنترۆڵیدا نەبێت بە چەندین جۆر دۆسێی دوور لە راستی بۆ دروست دەکات بۆئەوەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی پێگەی لاواز و ناشرین بکات، ئەو راپۆرتەشی بڵاویکردووەتەوە لەسەر پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە، پشتی بە ھیچ بەڵگەیەکی رەسمی نەبەستووە و دوورە لەراستییەوە.