سەرۆککۆماری عێراق پێشوازی لە وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا کرد

25/03/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

د. لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق، لەدیدارێکدا لەگەڵ واحید کیرچی وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا لە نیویۆرک رایگەیاند، سەرچاوەکانی ئاو و ڕووبارەکانی عێراق لە دەرەوەی وڵاتن و ئەمەش پێویستی بە ھەماھەنگی زیاتر ھەیە بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێک کە پشکی ئاو دادپەروەرانە و پێویست بۆ ھەموو لایەنەکان مسۆگەر دەکات و ئاماژەی بە گرنگی زانینی پلانی ئاوی تورکیا کرد، تا بتوانن پلانی پێویست لە عێراق پەرەپێ بدەن.

سەرۆککۆمار ئاماژەی بە ھەنگاوی جدی حکومەتی عێراق کرد بۆ دۆزینەوەی چارەسەری بنەڕەتی بۆ مەسەلەی ئاو و دووپتی کردەوەـ بۆ ئەو کارانەش چاوەروانی پەسەندکردنی پرۆژەی بودجەی گشتییە.

وتیشی لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕێوشوێنی کاریگەریان گرتووەتە بەر بۆ باشترکردنی بەڕێوەبردنی ئاو و شێوازی پاراستنی ئاو بۆ چارەسەرکردنی کەمی ئاو لەعێراق. 

لە بەرامبەردا وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا رایگەیاند، پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان ڕێگاخۆشکەر دەبن بۆ چارەسەرکردنی ھەموو گرفتەکانی دۆسیەی ئاوی نێوان ھەردوو وڵات.