ئیسرائیل بە مووشەک فڕۆکەخانەی حەلەب بۆردوومان دەکات

22/03/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

جارێکیتر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی حەلەب لە سوریا، کەوتەبەر ھێرشی مووشەکیی ئیسرائیل کە بەھۆیەوە کارکردنی فڕۆکەخانەکە پەکیکەوتووە.

ئاژانسی سانای سەر بە حکومەتی سوریا بڵاویکردەوە، کاتژمێر سێ و ٥٥ خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ئیسرائیل بە ژمارەیەک مووشەک دەوروبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی حەلەبی کردووەتە ئامانج، بەڵام تەنھا زیانی ماددی لێکەوتووەتەوە.

لەبەرامبەردا بەشێک لە میدیا عەرەبییەکان ئاماژەیان بەوەکرد، ژمارەی مووشەکەکانی ئیسرائیل چوار مووشەک بوون و بەھۆیەوە کارەکانی فڕۆکەخانەی حەلەب پەکیانکەوتووە.

ھاوکات روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، بۆ جاری دووەم لە ماوەی ئەم مانگەدا ئیسرائیل بە مووشەک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی حەلەبی بۆردومانکردووە و کۆگای چەک و تەقەمەنی گرووپە ئێرانییەکانی لەناوبردووە.