خامنەئی ئەمریکای بە پشتیوانیکردن لە خۆپیشاندانەکانی رۆژھەڵات و ئێران تۆمەتبار دەکات

21/03/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

عەلی خامنەئی، ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپای بە پشتیوانیکردن لە خۆپیشاندانەکانی چەند مانگی رابردووی رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران تۆمەتبار دەکات.

عەلی خامنەئی رێبەری ئێران لە وتارێکدا لە شاری مەشھەد خۆپیشاندەرانی بە گێرەشێوێن و تێکدەر وەسفکرد و رایگەیاند، سەرۆکی ئەمریکا بە ئاشکرا پشتیوانی لە ئاڵۆزییەکان کرد، بەشێک لە حکومەت و سەرکردەکانی وڵاتانی ئەوروپاش لە روی ماددی و پێدانی چەکەوە پشتیوانیان لێکردن.

ئاماژەی بەوەشکرد، ھەندێک لایەن ئامادەکارییان کردبوو کۆماری ئیسلامی ئێران لاواز بکەن، بەڵام پێچەوانەکەی روویدا و وڵاتەکە بەھێزتر بوو.

خامنەئی راشیگەیاند، وڵاتانی رۆژئاوا و دوژمنانیان بەنیازبوون ئێران گۆشەگیر بکەن، بەڵام پیلانەکەیان شکستیاھێنا و لەئێستادا پەیوندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە باشتر بووە، وتیشی ھەر وڵاتێکی ئەوروپی پەیڕەوی لە سیاسەتەکانی ئەمریکا نەکات، ئامادەن پەیوەندی لەگەڵ دروست بکەن.