پۆلیسی گەرمیان کەسێک بە تۆمەتی ئەوەی خۆی کردووە بە ژن دەستگیردەکات

20/03/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

لە سنوری قەزای کەلار کەسێک دەستگیر دەکرێت، کە لە رێگەی موبایلەوە خۆی کردووە بە ژن و پارەی لەخەڵک وەرگرتووە، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیانیش دەڵێت، کەسێک سکاڵای لەسەر تۆمەتبارەکە تۆمارکردووە، کە بە فێڵ پێنج ملیۆن دیناری لێوەرگرتووە.

موقەدەمی مافپەروەر عەلی جەمال قدووری وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، دوای ئاگادارکردنەوەی پۆلیسی فریاکەوتنی کەلار، کە کەسێک لە رێگەی موبایلەوە دەنگی خۆی دەگۆڕێت بە ژن و پارەیەکی  زۆری لە خەڵک وەرگرتووە، دوای لێکۆڵێنەوە و بەدواداچوون توانرا تۆمەتبار دەستگیر بکرێت، کە کەدانیشتووی ناحییەی رزگاری سەربەقەزای کەلارە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، کەسێک سەردانی بنکەی پۆلیسی شەھیدانی کردوە بەمەبەستی تۆمارکردنی سکاڵا لە دژی تۆمەتبار، کە بڕی پێنج ملیون دیناری بەفێڵ لێوەرگرتووە، بەھۆی ئەوەی دەنگی خۆی گۆڕیووە بە ژن. 

راشیگەیاند، دوای دەستگیرکردنی تۆمەتبار چەندین کەسی تر پەیوەندیان بەپۆلیسەوە کردووە بەمەستی تۆمارکردنی سکاڵا سەردانی بنکەی پۆلیسی شەھیدانی قەزای کەلار دەکەن.

وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان دەشڵێت، لەماوەی ٢٤ سەعاتدا لەسنوری گەرمیان ئەمە دووەم تۆمەتبارە، کەبەھۆی  خراپ بەکارھێنانی ئامێرەکانی پەیوەندێکانەوە دەستگیر بکرێت.