دەستەی کەشناسی عێراق: ئەمساڵ وشکەساڵی نابێت

18/03/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

دەستەی کەشناسی عێراق رایگەیاند، لە وەرزی بەھاردا شەپۆلی بارانبارین بەردەوام دەبێت و ھاوینی داھاتووش وشک نابێت و پلەکانی گەرما ھاوشێوەی ھاوینی رابردوو دەبێت.

عامر جابری، بەڕێوەبەری گشتی دەستەی کەشناسی و چاودێری بومەلەرزەی عێراق رایگەیاند، تا ئێستا ھیچ نیشانەیەک نیە سەبارەت بەوەی ھاوینی داھاتوو وشکەساڵی بێت و پێشبینییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، پلەکانی گەرمای ھاوینی داھاتوو ھاوشێوەی ھاوینی رابردوو دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ساڵی ٢٠٢١دا نیشانەکانی وشکەساڵی بەھۆی کەمبارانی بەروونی دەرکەوتن کە بووە ھۆی وشکبوونی زەوی و قەتیسبوونی گەرما و نەمانی ئاوی رووبارەکان، بەڵام لە سێیەکی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ و سەرەتای ٢٠٢٣ شەپۆلی بارانبارین پێش وادەی خۆی دەستیپێکرد بەتایبەت لە ھەرێمی کوردستان و بەشەکانی رۆژئاوا. لە چەند رۆژی رابردووشدا بڕێکی باش بارین لە ناوچەکانی باکور باریوەو شەپۆلی بارانبارینیش بەردەوام دەبێت.

بەڕێوەبەری گشتی دەستەی کەشناسی عێراق راشیگەیاند، سلێمانی، مەندەلی، خانەقین و عەلی غەرەبی لە کوت و ناوچەی بەدرە لە واست دەکەونە سەر ھێڵی بومەلەرزەو بە گوڕی کەم بوومەلەرزە روودەدات بەڵام کاریگەری نابێت لەسەر سەرچاوە مرۆیی و ماددییەکان.