بارانبارین دەستپێدەکاتەوە
کوردسات نیوز
کەشناسی ھەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی بۆ ئەمڕۆ و سبەی راگەیاند و ئاماژەی بەوەکردووە، سبەی یەکشەممە لە دوایی نیوەڕۆ لە ھەندێ ناوچەدا باران بە لێزمە دەبێت و ھەورە تریشقەشی لەگەڵدا دەبێت.
بەرێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان لە نێوان نیمچە ھەور بۆ ھەوری تەواو دەبێت، لە کاتەکانی شەودا ئەگەری بارینی نمە باران ھەیە بە تایبەتی لە ناوچەکانی باکووری رۆژئاوای ھەرێم.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی ھەرێم، ئەمڕۆ پلەکانی گەرما بەرز دەبنەوە بە دوو تا چوار پلەی سیلیزی بە بەراورد بە تۆمارکراوی رۆژی پێشوو.
ئاماژەی بەوەشکرد، سبەی یەکشەممە ئاسمان ھەوری تەواو دەبێت لەگەڵ بارینی بارانی مام ناوەند لە دوایی نیوەرۆ لە ھەندێ ناوچەدا باران بە لێزمە دەبێت و ھەورە تریشقەشی لەگەڵدا دەبێت، پلەکانی گەرماش یەک تا دوو پلە نزم دەبنەوە.
|