وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق: ئەمساڵ بەرھەمی گەنم و جۆ دەگاتە ئاستی خودبژێوی

18/03/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، بارانبارینی ئەم دواییە گرنگییەکی زۆری ھەبوو بۆ ئاودانی کشتوکاڵی زەوییە دێمییەکان و پێشبینی دەکەن لەمساڵدا لە بەرھەمی گەنم و جۆ بگەنە خودبژێوی.

مەھدی سەھر جبوری، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، شەپۆلی بارانبارینی چەند رۆژی رابردوو کە زۆربەی ناوچەکانی وڵاتی گرتەوە، جگەلە زیادکردنی ئاوی کۆگاکراو، رۆڵێکی گرنگ و بنەڕەتی ھەبووە لە ئاودانی کشتوکاڵی دێمی ناوچەکانی باشور و ناوەراست، لەبەرئەوە پێشبینی دەکەن ئەمساڵ بگەنە ئاستی خودبژێوی لە بەرھەمی گەنم و جۆدا.

بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، ھیواشی خواست سود لەو بارانە وەربگیرێت بۆ ئامادەکاری وەرزی کشتوکاڵی ھاوینە و زیاتر بەکاربھێنرێت بۆ ئاودانی بەرھەمی سەوزەوات و ئەو بەرھەمانەی لەژێر سیستمی ئاودێریدا دەڕوێنرێن.