دادگای باڵای فیدراڵی سکاڵایەک لەبارەی ھاوردەی خواردنەوە کحولییەکان رەتدەکاتەوە

17/03/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق تانەی ژمارەیەک بازرگان لەبارەی نادەستوری بوونی یاسای داھاتی شارەوانییەکان کە رێگری دەکات لە ھاوردەکردنی خواردنەوە کحولییەکان رەتدەکاتەوە.

دادگای باڵای فیدراڵی بڵاویکردەوە، چوار بازرگان لە رێگەی بریکارەکەیانەوە سکاڵایەکیان تۆمارکردوەو تانەیان لە نادەستوری بوونی ماددەی ١٤ی یاسای داھاتەکانی شارەوانی داوە بەو پێیەی دەستەی گشتی گومرگەکان  ھەستاوە بە جێبەجێکردنی راستەوخۆی ماددەی ١٤ی یاساکەو ھاوردەکردنی ماددە کحولییەکانی قەدەغەکردووە بەرلەوەی سکاڵاکەیان یەکلابکرێتەوە، ئەوەش بۆتە ھۆی زیانگەیاندن بە سکاڵاکاران و بازرگانانی تر  بەھۆی دەستگرتن بەسەر کاڵا ھاوردەکراوەکیان.

داواشیانکردووە دادگا بڕیارێکی لایەندار بۆ رێگەپێدانیان بە ھێنانە ناوەوەی کاڵا ھاوردەکراوکراوەکایان لە خواردنەوەی کحولییەکان بۆ ناو عێراق دەربکات تا ئەو دادگا بڕیارێکی یەکلاکەرەوە لەبارەی سکاڵاکەیان دەدات.

راشیگەیاندووە، دادگای باڵای فیدراڵی لە دانیشتنێکدا سکاڵاکەی رەتکردووەتەوە و جەختیکردووەتەوە لەسەر ئەوەی بڕیارەکانی دادگا یەکلاکەرەوەن و دەسەڵاتەکان و کەسەکان پابەند دەکەن بە جێبەجێکردنیان و  بە ھیچ رێگەیەک لە رێگەکان شیاوی تانە لێدان نین.