لە زیندانی ورمێی رۆژھەڵاتی کوردستان شەش بەندکراوی کورد لەسێدارەدران
کوردسات نیوز
بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، بەرەبەیانی ئەمڕۆ، پێنج بەندکراوی کورد بە ناوەکانی فروھەر عەباس نژاد تەمەن ٤٠ ساڵ و خەڵکی گوندی گۆجاری تەرگەوەڕ، محەمەد ئەیوبیان، تەمەن ٣٧ ساڵ و خەڵکی گوندی موانای ناوچەی مەرگەوەڕ، جەھانبەخش رادلۆیی خەڵکی گوندی ئاقچەقەڵ لە ناوچەی سۆما، یاسین رەشیدی، خەڵکی گوندی کەلۆر و حسێن عومەری، بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مادەی ھۆشبەر لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لەسێدارە دراون.
ھاوکات سزای لەسێدارەدانی ژنێک بەناوی نەسیم نیازی، جێبەجێکراوە کە بەپێی ھەندێک لە سەرچاوەکان بەتۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل سزاکەی بەسەردا سەپێنراوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە زیندانییەکی سیاسی کورد بەناوی محێدین ئیبراھیم، کە بە تۆمەتی پەیوەندی بە حزبەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان دەستگیرکراوە، بۆ ژووری تاکەکەسی لە زیندانی ورمێ گواستراوەتەوە و مەترسی لەسێدارەدانی لەسەرە.
شەوی رابردوو بەشێک لە کەسوکاری ئەو بەندکراوانە کە بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوون، لەپێش بینای زیندانی ناوەندیی ورمێ گردبوونەوە.
|