ساڵی رابردوو ١٣ ھەزار و ٩٦٧ حاڵەتی جیابوونەوە لە ھەرێمی کوردستان تۆمارکراوە

16/03/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

ئەنجومەنی داوەری ھەرێمی کوردستان، ئامارێکی تایبەت بە ھاوسەرگیری و جیابوونەوە لە ساڵ ٢٠٢٢ بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ساڵی رابردوو ٥٥ ھەزار و ٨٩٦ مامەڵەی ھاوسەرگیری لە ھەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە لەبەرامبەردا ١٣ ھەزار و ٩٦٧ حاڵەتی جیابوونەوەش تۆمارکراوە.

بە گوێرەی ئامارەکەی ئەنجوومەنی دادوەری، ساڵی ٢٠٢٢ لە پارێزگای ھەولێر  ١٩ ھەزار و ١٩ مامەڵەی ھاوسەرگیری ھەبووە لەبەرامبەردا ٥ ھەزار و ٦٤٥ حاڵەتی جیابوونەوە تۆمارکراوە کە بەرزترین ژمارەی جیابوونەوەیە لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان.

لە پارێزگای سلێمانیش ساڵی رابردوو٢١ ھەزار و ١٦٤ مامەلەی ھاوسەرگیری ئەنجامدراوە بەڵام تەنیا پێنج ھەزار و ٥٣٣ حاڵەتی جابوونەوە ھەبووە.

سەبارەت بە پارێزگای دھۆک لە ساڵی ٢٠٢٢ ژمارەی مامەڵەکانی ھاوسەرگیری ١٢ ھەزار و ٩٦٧ ھاوسەرگیری بووە، حاڵەتەکانی جیابوونەوەش گەیشتووەتە ھەزار و ٩٩٢ حاڵەت.

ھەر بە گوێرەی ئامارەکە، ساڵ ٢٠٢٢ لە ھەرێمی کوردستان ٨١ رێگەپێدان ھەبووە بۆ ئەنجامدانی ھاوسەرگیری دووەم.

دیارترین ھۆکارەکانی جیابوونەوە لە ھەرێمی کودستان بریتیبوون لە نەگونجان لەگەڵ یەکتر، ناپاکی ھاوسەرگیری، جیاوازی تەمەن، بەکارھێنانی مۆبایل و ئامێرەکانی تەکنۆلۆژیا، و چەند ھۆکارێکی دیکە.