ھەوڵەکان بۆ گەیاندنی ڤاکسینی کۆرۆنا بە وڵاتانی ھەژار کەمبووەتەوە

22/04/2021
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

پێنج مانگە ڤاکسینی کۆرۆنا بەرھەمھێنراوە و گەیشتووەتە زۆرێک لە وڵاتانی جیھان، بەڵام بەکارھێنانی ڤاکسینەکان لە وڵاتانی ھەژار و تازە گەشەکردوو سستە و بە پێی پێویست نییە، ئەوەش مەترسییەکی گەورەیە لەسەر کۆنترۆڵکردنی کۆرۆنا لە جیھاندا.

ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکی، لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ھەوڵەکان بۆ گەیاندنی ڤاکسینی کۆرۆنا بە وڵاتە ھەژار و تازە گەشەکردووەکان زۆر کەمبووەتەوە، ئەوەش وا دەکات لەو وڵاتانەدا ئامارەکانی کۆرۆنا لە بەرزبوونەوەدا بن، بەرنامەی کۆڤاکس کە لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی و وڵاتە دەوڵەمەندەکانەوە پشتگیری دەکرێت، دەستپێشخەری کردووە بۆ گەیاندنی ڤاکسین بە ٩٢ وڵاتی ھەژار و داھات مامناوەندەکان، بە پێی دەستپێشخەریەکە دەبوو تا کۆتایی مانگی ئایار ٢٤٠ ملیۆن دۆزی ڤاکسینی کۆرۆنا بگەیەندرێتە ئەو وڵاتانە، بەڵام ئێستا ژمارەکە بۆ ١٤٥ ملیۆن دۆز کەمکراوەتەوە، ئەوەش بەھۆی ئەوەی ھندستان ئامادە نیە ڤاکسین ھەناردەی دەرەوە بکات چونکە حاڵەتەکانی تووشبوون لە ناوخۆی وڵاتەکەدا زۆر زیادیکردووە.
بە پێی ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"، کەمکردنەوەی بڕی ئەو ڤاکسینانەی بۆ وڵاتـە ھەژارەکان دەنێرێت، ھێندەی تر جیاوازی و نادادپەروەرییەکان دەردەخات لە نێوان وڵاتاندا، لەبەرئەوەی لە وڵاتێکی وەک ئەمریکا تا ئێستا زیاتر لە ٢٠٠ ملیۆن دۆزی ڤاکسین بەکارھێنراوە، بەڵام بەرنامەی کۆڤاکس تا ئێستا کەمتر لە ٤١ ملیۆن دۆزی ڕەوانەی وڵاتە ھەژارەکان کردووە.
بە وتەی پسپۆرانی پەتاکان، شکستھێنان لە دابەشکردنی ڤاکسین بەسەر سەرجەم وڵاتانی جیھاندا، کێشە بۆ تەواوی وڵاتان دروست دەکات، ئەوەش وا دەکات کۆرۆنا لە ژمارەیەک وڵات بەردەوام بڵاوبێت و بەردەوامیش بۆ وڵاتانی تر بگوازرێتەوە، بەو شێوەیەش کۆنترۆڵکردنی ماوەیەکی دوور و درێژتری پێویست دەبێت.
پێشتریش ڕێکخراوی تەندروستی جیھانیی نیگەرانیی توندی دەربڕیبوو لە نەبوونی یەکسانی لە دابەشکردنی ڤاکسینەکاندا و ڕایگەیاندبوو ڕێژەی ٧٦٪ی ڤاکسینە بەرھەمھێنراوەکان دراونەتە ١٠ وڵاتی دەوڵەمەند.