حکومەتی ھەرێم داھاتی شەش مانگی فرۆشتنی نەوتی بڵاوکردەوە

14/02/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئاشکرایکرد، لە شەش مانگی کۆتایی ساڵی رابردوودا زیاتر لە ٥ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری لە فرۆشتنی نەوت دەستکەوتووە، بەڵام تەنھا ٢ ملیار و ٧٠٠ ملیۆنی بۆ مووچە بووە.

ماڵپەڕی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ساڵی ٢٠٢٢ لە مانگی تەمموز تا مانگی کانوونی یەکەم، واتە لە ماوەی شەش مانگدا کۆی بەرھەمی نەوتی ھەرێمی کوردستان ٧٨ ملیۆن و ٩٠٤ ھەزار بەرمیل نەوت بووە، داھاتی فرۆشتنی ئەو نەوتەش ٥ ملیار و ٥٧٠ ملیۆن و ٦١٣ ھەزار دۆلار بووە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، لەو داھاتەش ٢ ملیار و ٧٧٦ ملیۆن دۆلاری بۆ خەرجی پرۆسەی نەوت بووە و ٢ ملیار و ٧٩٤ ملیۆن دۆلاری بۆ مووچە بووە، واتە تەنھا نیوەی داھاتی نەوت بۆ مووچەی فەرمانبەران بووە.