چەند وێنەیەکی ناوەندە سەربازییەکەی ئەسفەھان بڵاوکرایەوە کە ھێرشی کرایەسەر

03/02/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

بەپێی چەند وێنەیەک کە لەلایەن مانگە دەستکردەکانەوە تۆمارکراون، ھێرشەکەی سەر ناوەندە سەربازییەکەی ئەسفەھان زیانی ھەبووە.

شەوی ٢٨ی مانگی رابردوو دەنگی چەند تەقینەوەیک لەناو شاری ئەسفەھان بیسترا و دواتر وەزارەتی بەرگری ئێران رایگەیاند، بە سێ درۆن ھێرشکراوەتە سەر ناوەندێکی سەربازیی سەر بە وەزارەتەکە.

ھەرچەندە وەزارەتی بەرگری ئێران رایگەیاند، ھێرشەکە ھیچ زیانێکی نەبووە و ھەر سێ درۆنەکەیان خستووەتەخوار، بەڵام بەپێی چەند وێنەیەک کە لەلایەن مانگە دەستکردەکانەوە تۆمارکراون، ھێرشەکە زیانی بە ناوەندەکە گەیاندووە.

پێشتریش سەعید ئەیرەوانی نوێنەری ئێران لە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە نامەیەکدا بۆ سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئیسرائیلی بە ئەنجامدانی ھێرشەکە تۆمەتبار کرد و ھەڕەشەی وەڵامدانەوەی لە کاتێکی گونجاودا کرد.