ئەسۆشێتد پرێس: سەردانی وەفدی عێراق بۆ واشنتن دەبێتە سەرەتای چارەسەری قەیرانی دۆلار

03/02/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

سەردانی وەفدی عێراق بۆ واشنتن وەک ھیوایە بۆ چارەسەری قەیرانی دابەزینی بەھای دینار لەبەرامبەر دۆلار لێی دەڕوانرێت و چاوەڕوان دەکرێت نزیکبوونەوەی حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانی لە ئەمریکا و بەھێزبوونی پەیوەندییەکانی ھەردوولا لێکەوتەی ئەرێنی بۆ سەر بازاڕی دراو لە عێراق ھەبێت.

ئاژانسی ئەستۆشێتد پرێس لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، کۆت و بەندە سەپێنراوەکانی ئەمریکا بەسەر کەرتەکانی ئابوری و بانکی عێراق و دانانی مەرجی وەرگرتنی رەزامەندی یەدەگی فیدراڵی ئەمریکا بۆ گواستنەوەی پارە لە بانکەکانی ئەمریکاوە بۆ عێراق، وایکردووە رێژەی داواکاری گواستنەوەی پارە بە رێژەی ٨٠% کەمببێتەوە، ببێتە مایەی کەمبوونەوەی بڕی دۆلار لە بازاڕەکانی عێراقدا.

کۆت و بەندەکانی ئەمریکا تەنھا کێشەی بۆ گواستنەوەی پارە لە ئەمریکاوە بۆ عێراق دروستنەکردوە بەڵکو ھەندێک لە گواستنەوەکانی پارە ١٥ رۆژ دەخایەنێت، بەو جۆرەش ھاوردەی عێراقی لە رێگەی دۆلارەوە بە رێژەی ٩٠% بەراورد بە ساڵانی رابردوو کەمیکردوە.

سەبارەت بە رێگەچارەی دەربازبوون لە قەیرانەکە، ئاژانسی ئەستۆشێتد پرێس باسی لەوەکردوە، ناوبردنی قەیرانی دۆلار بە کاتی  لەلایەن محەمەد شیاع سودانی لە جێی خۆیدایە لەوەی پەیوەستە بە توانا ئابورییەکانی عێراق ، چوونی وەفدی عێراقیش بۆ ئەمریکا دەربازبوون لە قەیرانەکەی بەدوادا دێت.

بەوتەی شارەزایانی ئابوریش ئەگەر ھەموو رێکارەکانی حکومەتی عێراق جێبەجێبکرێن، رێگە لە قاچاخبردنی دۆلار ناگرن، بەڵام بۆ ماوەی ساڵێک یەدەگی دۆلار بۆ عێراق دەستبەر دەکەن، دەشڵێن، سەقامگیری دۆلار دەکرێت لە ئێستادا بەدی بێت بەڵام ئەگەر ماوەی ساڵێک تێپەڕ بکات، زۆرینەی بانکەکان مایەپوچبوونی خۆیان رادەگەیەنن.

ئاژانسی ئەسۆشێتدپرێس پێشبینی کردووە، نزیکبوونەوەی ھەردوو حکومەتی عێراق و ئەمریکا و رەزامەندی ئیدارەی کۆشکی سپی لەبەرامبەر رێکارەکانی سودانی ببێتە ھۆکارێک بۆ چارەسەری تەواوەتی قەیرانەکە، سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی وەفدی عێراق بۆ واشنتۆن دەبێتە سەرەتای دانانی رێگە چارە بۆ قەیرانی دۆلار لە عێراق.