ئێران بەنھێنی گۆڕانکاری لە دامەزراوەی ئەتۆمیی فۆردۆ دەکات

02/02/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رەخنە لە ئێران دەگرێت بەھۆی گۆڕانکاری نھێنی لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی.

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، لە سەردانێکی کتوپڕی کارمەندانی ئاژانسەکە بۆ دامەزراوەی ئەتۆمیی (فۆردۆ) دەرکەوتووە کە ئێران گۆڕانکاری لە بەشێک لە سەنتەرفیوجەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم کردووە و ئەو گۆڕانکارییەش بێ ئاگادارکردنەوەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بووە.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو بڕیارەی ئێران پێچەوانەی بەڵێنەکانیەتی بۆ ھاوکاریکردنی ئاژانسی نێودەوڵەتی وەزی ئەتۆم لە چاودێریکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی و کێشە لە پەیوەندییەکانیان دروستدەکات، (رافائێل گروسی) بەرێوەبەری گشتی ئاژانسەکەش نیگەرانی خۆی لەوبارەیەوە دەربڕیوە.

دامەزراوەی ئەتۆمیی (فۆردۆ) لەناو شاخەکانی نزیک (قوم) بنیاتنراوە و بە یەکێک لە سەرەکیترین بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران دادەنرێت.