ئەمڕۆ وەفدێکی بانکی ناوەندی عێراق لەگەڵ نوێنەرانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا کۆدەبێتەوە

02/02/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

ئەمڕۆ وەفدێکی بانکی ناوەندی و وەزارەتی دارایی عێراق سەردانی ئیستەنبوڵ دەکەن و لەگەڵ نوێنەرانی بانکی ناوەندی و وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا کۆدەبێتەوە.

کۆبوونەوەکە تایبەتە بە گفتوگۆکردن لەبارەی رێکارەکانی ئەمریکا بەرامبەر بانکی ناوەندی عێراق و چارەنووسی بەھای دینار بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی، ئامانجی کۆبوونەوەکەش ئەوەیە کە رێکارەکانی ئەمریکا بەرامبەر بانکی ناوەندیی عێراق بکرێن بە کۆمەڵێک رێکار و قۆناغی یەک لەدوای یەک، نەک وەک ئێستا کە شۆکی لە بازاڕەکانی عێراق دروستکردووە.

دوای ئەو کۆبوونەوەیەی ئیستەنبوڵ، بڕیارە لە رۆژانی داھاتوو وەفدێکی عێراق سەردانی ئەمریکا بکەن، بە وتەی ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، وەفدەکە لە جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە و وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندی و لێپرسراوانی تری عێراق پێکدێن و لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای دارایی ئەمریکا و باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کۆدەبنەوە.

سەردانی وەفدەکەی عێراق بۆ ئەمریکا لە رۆژی حەوتی ئەم مانگەوە دەستپێدەکات و لایەنی ئەمریکی دڵنیادەکەنەوە لە رێکارەکانیان بۆ رێگریکردن لە گەیشتنی دۆلار بۆ ئەو وڵاتانەی کە سزاکانی ئەمریکا دەیانگرێتەوە، وەک ئێران و سوریا.