زانکۆی سلێمانی لەسەر ئاستی زانکۆکانی ھەرێم پلەی یەکەمی بەدەستھێنایەوە

31/01/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

بەپێی نوێترین ریزبەندی، زانکۆی سلێمانی لەسەر ئاستی زانکۆکانی ھەرێم پلەی یەکەمی بەدەستھێنایەوە و لەسەر ئاستی عێراقیش لە پلەی پێنجەمدایە.

بەپێی نوێترین ریزبەندی پێگەی (وێبۆمیتریکیس) بۆ ساڵی ٢٠٢٣، بۆ جارێکی تر زانکۆی سلێمانی لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان پلەی یەکەمی بەدەستھێناوەتەوە و لەسەر ئاستی زانکۆکانی عیراقیش لە پلەی پێنجەمدایە و لەسەر ئاستی جیھانیش چەندین پلە چۆتە پێشەوە، کە بەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوو بەشێوەیەکی بەرچاو ئاستی بەرزبووەتەوە.

ئەم لیستە نوێیەی پێگەکە پشتی بە زۆری سایتەیشتنی  مامۆستایانی زانکۆکان بەستووە و تێیدا ھاتووە، لە  ٢٠٢٣ دا مامۆستایانی زانکۆی سلێمانی ٤٥ ھەزار و ٢٣١ سایتەیشتنیان ھەبووە.

سایتەیشن واتە مامۆستایانی ئەو زانکۆیە توێژینەوەکانیان لەو ساڵەدا زۆرترین گەڕانی بۆ کراوە و توێژەرانی تر وەکو سەرچاوە بەکاریانھێناوە.

ریزبەندی وێبۆمیتریکیس لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای توێژینەوەی زانستی کە سەر بە وەزارەتی خوێندن و توێژینەوەی ئیسپانیایە لە رێگەی تیمێکی پسپۆرەوە ئەنجام دەدرێت.