مەڵبەندی سێی ڕێکخستنی ھەولێری یەکێتیی: دژایەتیکردنی تیرۆر دووپات دەکەینەوە

31/01/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

( مەڵبەندی سێی ڕێکخستنی ھەولێر)ی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ساڵیادی کارەساتی یەکی ی شوباتدا پەیامێک بڵاو دەکاتەوە و دەڵێت، لەم رۆژەدا دووپاتی دەکەینەوە کردەوە تیرۆریستیەکان ناتوانن ڕێگە لەبەرەوپێشبردنی گەل و وڵاتەکەمان بگرن بەڵکو خوێنی شەھیدەکانمان ھاندەرمان دەبێت بۆ زیاتر خزمەت کردنی خەڵکی خۆشەویستی ھەولێر.

                                               
دەقی پەیامەکە...

ئەمڕۆ ١٩ ساڵ تێپەڕیووە، بەسەر کردەوە تاوانکاریە تیرۆریستیەکەی ، ناو ھەردوو بارەگای مەلبەندی سێی ھەولێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان ،  لە ڕۆژی ٢٠٠٤/٢/١ دا ، تاریکپەرستان لە رێگای دوو تیرۆریستی سەر لێشێواودا ، لەیەکەم رۆژی جەژنی قوربانی پیرۆز ، لەکردەوەیەکی خۆکوژیدا ، لەناو ھەردوو بارەگای مەلبەندی سێی ھەولێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستاندا خۆیان تەقاندەوە.

لەم ھێرشە دڕندانەیەدا  ١٠٥ کەس لەھاوڵاتیان و سەرکردە و ئەندامانی ھەردوو حزب شەھیدبوون و ژمارەکی زۆریش برینداربوون.

لەو یادە خەمناکەدا ، سەری رێز بۆ گیانی پاکی شەھیدان دادەنوێنین و وەک سەروەری و شانازیش ڕێزی بریندارانی کارەساتەکە و بنەماڵەی شەھیدان دەگرین و پێکەوە درێژە بەڕێبازی شەھیدان دەدەین و ئەم بۆنە خەمناکەش دەکەینە ھەوێنی تەبایی و یەکریزی گەلەکەمان.

لەم کۆستە گەورەیەی نەتەوەکەماندا ، وەبیر ھەمووان دێنینەوە ، کەتیرۆریستان بەم تاوانی کۆمەڵکوژیەیان ، کە ھەولێریان خەڵتانی خوێنکرد و تاوانێکی گەورەشیان بەرامبەر بەمرۆڤایەتیش ئەنجامدا ، نابێ بیریشمان بچێت کەدوژمنانی کوردستان ، بۆ پەلامارەکانیان، ھیچ جیاوازیەک لەنێوان ڕەنگ و دەنگە جیاوازەکانمان ناکەن.

بێگومان تیرۆریستان لەم تاوانەشیاندا مەبەستیان بوو ئاشتی وتەبایی و گیانی لێبوردەیی جەژن ، لە ھەولێری و ھەولێریەکان تاڵ بکەن و درزیش بخەنە نێوان ڕیزەکانی ھێزە سیاسیەکانی کوردستان ، بەلام ئەو ئاواتەیان نەھاتەدی و ئەم کارەساتەش بووە ھەوێنی زیاتر بەھێزکردنی گیانی پێکەوەیی و تەبایی و پتەوکردنی یەکێتی ریزەکانی گەلی کوردستان.

ئەم کردوەوە تیرۆریستیە ، ئیرادەی گەلەکەمان و گیانی بەرگری و قارەمانانەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستانیشی بەھێزتر کرد ، لەڕووبەڕوو بوونەوەی بیری توندڕەوی بەناو جیھادی ئیسلامی و لەناوبردنیان ،  بەتایبەت لەڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) بەھاوکاری ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی و دۆستەکانی گەلی کوردستان.

لەم یادەدا ، وێرای تەئکید کردنەوەو پەرۆشیمان لەسەر پتەوکردنی یەکریزی و تەبایی و ھاوھەڵوێستی ھێزە سیاسیەکانی کوردستان و سوور بوونی خۆمان دووپات دەکەینەوە ، لەسەر بەرەنگاربوونەوەی تێرۆریستان و پاراستن و گەشەپێدانی  دەستکەوتەکانی گەلەکەمان و خزمەتکردنی ھاوڵاتیان بەگشتی و کەسوکاری شەھیدان بەتایبەت بەبێ جیاوازی.

گەلەکەمان دڵنیا دەکەینەوە ، ئەم ڕۆژی ماتەمینیەی ھەولێریەکان ،  دەکەینە ھاندەرێک بۆ کارکردن لەسەر بنبڕکردنی فیکرو کلتوری  تیرۆرو تیرۆریستان ، لەسەرتاسەری عیراق و ھەرێمی کوردستان ، بەھاوکاری ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ئازادیخوازانی دنیا.

لەم رۆژەدا ، دووپاتی دەکەینەوە ، کردەوە تیرۆریستیەکان ناتوانن ڕێگە  لەبەرەوپێشبردنی گەل و وڵاتەکەمان بگرن،  بەڵکو خوێنی شەھیدەکانمان ھاندەرمان دەبێت بۆ زیاتر خزمەت کردنی خەڵکی خۆشەویستی ھەولێر.

درود بۆ گیانی پاکی شەھیدان و ڕێزو وەفاداریشمان بۆ کەسوکاری شەھیدان و بریندارو کەمئەندامانی مەرگەساتی یەکی شوبات دووپات دەکەینەوە.

                                                                        
                                                                     یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
مەڵبەندی سێی ڕێکخستنی ھەولێر
٣١–١–٢٠٢٣