سبەینێ دادگای فیدراڵی سکاڵای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان یەکلادەکاتەوە

30/01/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

سبەینێ دادگای فیدراڵی عێراق کۆدەبێتەوە و بڕیار لەسەر ئەو سکاڵایە دەدات کە دژی درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە.

بەپێی بەرنامەی کاری دادگای فیدراڵی، رۆژی سێشەممە دادگای فیدراڵی بۆ بڕیاردان لەسەر سێ سکاڵای تۆمارکراو کۆدەبێتەوە، یەکێک لە سکاڵاکانیش لە دژی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە و داواکراوە یاسای درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان پوچەڵبکرێتەوە کە لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ دەرچووە و ماوەی کاری پەرلەمانی بۆ ساڵێک درێژکردووەتەوە.

بە پاساوی ئەوەی یاساکە دژی ماددەکانی (پێنج و ٢٠)ی دەستورە و زەوتکردنی مافێکی دەستورییە کە لە ماددەی ٥١ لە یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان ساڵی ١٩٩٢ داھاتووە.

ھەرچەندە بڕیاربوو ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی، بڕیار لەسەر سکاڵای بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای گشتی بازرگانی خۆراک بدات کە لە دژی وەزیری بازرگانی ھەرێم و بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بازرگانی ھەولێری تۆماری کردووە و داوایکردووە دادگا سکاڵا لەسەرکراوان ناچاربکات بە دانی ئەو بڕە پارەیەی لەسەریانە لە فرۆشتنی ماددەکانی کۆبوونی خۆراک لە ١/١/٢٠٠٤ تا ٣٠/٩/٢٠٢١، بەڵام تائێستا دادگا ھیچ بڕیارێکی نەداوە.