ھێزە ئەمنییەکانی ئێران دوو مامۆستای ئاینی خەڵکی جوانڕۆیان رفاند

30/01/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

دوو مامۆستای ئاینی دیکەی خەڵکی شاری جوانڕۆی رۆژھەڵاتی کوردستان لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە رفێنران.

رێکخراوی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، دوو مامۆستای ئاینی خەڵکی شاری جوانڕۆ بە ناوەکانی ئیبراھیم کەریمی نەنەڵە و لوقمان ئەمینی کە ھەردووکیان پێشنوێژی دوو مزگەوتی شاری سنەن، لەسەر رێگەی سنە- مەریوان لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە رفێنراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار دوای دەستگیرکردنی ئەو دوو مامۆستا ئاینییە، ھێزە ئەمنییەکان ھەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی مامۆستا ئیبراھیم کەریمی نەنەڵە و ماڵەکەیان پشکنیوە و پێدەچێت ھۆکاری دەستگیرکردنەکەشیان پەیوەندی بە ھەڵوێستەکانیانەوە ھەبێت کە لە وتارەکانیاندا پشتیوانییان بۆ خۆپیشاندەران دەربڕیوە. 

رۆژی چوارشەممەی رابردووش سەیفوڵا حوسێنی مامۆستای ئاینی خەڵکی جوانڕۆ لەلایەن دادگایەکی تایبەت بە مامۆستایانی ئاینی لە ھەمەدان بەتۆمەتی چالاکی دژی دەسەڵات و ھاندانی خەڵک بۆ توندوتیژی سزای ١٧ ساڵ زیندانی و ٧٤ قامچی و دووساڵ دوورخستنەوەی بەسەردا سەپێنرا.

بەپێی ئامارێکی ھەنگاو تەنھا لە ماوەی ئەم مانگەدا پێنج مامۆستای ئاینی لە سنە و چوار مامۆستای ئاینی لە پیرانشار لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە رفێنراون.