وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنی ئابوری عێراق

30/01/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ پێشخستنی ئابوری عێراق دووپاتکردەوە رایگەیاند، ئابوری عێراق بۆ ئەوان زۆر گرنگە.

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە میانەی سەردانەکەی بۆ رۆژھەڵاتی ناوەراست رایگەیاند، پەیوەندی بە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە کردووە و پەیوەندیەکی زۆر باشیان ھەیە لەگەڵ حکومەتی عێراقدا، چەندین بابەتی گرنگ ھەیە کە پەیوەندیەکانی بەغداد و واشنتۆن پێکەوە دەبەستێتەوە.

سەبارەت بە رێکەوتنی ستراتیژی لە نێوان عێراق و ئەمریکا، بلینکن رایگەیاند ئەو ڕێککەوتنە زۆر گرنگە و تا ئێستا بەردەوامە لە نێوانیانداو، واشنتن بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتی کردنی و فراوانکردنی ئابوری عێراق. ھیواشی خواست ئەو رێکكەوتنەی ھەیە ببێتە مایەی باشترکردنی ژیانی گەلی عێراق.

دەشڵێت، ھاوبەشیان بەردەوامە لەگەڵ عێراق لە تێکشکانی داعش و پاشماوەکانی  بۆ ئەوەی جارێکی تر نەتوانن خەڵکی مەدەنی بکوژن. جەختیشیکردەوە زۆر گرنگە عێراق پەیوەنديیەکانی لەگەڵ وڵاتانی تری عەرەبی باشتربکات و زیاتر تێکەڵاوی وڵاتانی عەرەبی بێت.