لیژنەی دارایی: سودانی دەیەوێت پڕۆژەیاسای بودجە ھاوتای بەرنامە حکومییەکەی بێت

30/01/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ھۆکاری دواکەوتنی پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە لەلایەن حکومەتەوە بۆ ویستی "سودانی" دەگەڕێننەوە، کە دەیەوێت پڕۆژەیاساکە ھاوتای بەرنامە حکومییەکەی بێت، پێشبینیش دەکات کۆتایی ھەفتەی داھاتوو رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بکرێت.

"موعین کازمی" ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە رۆژنامەی "سەباح"ی رەسمی راگەیاند، وەزارەتی دارایی و پلاندانان مانگێک بەر لەئێستا پڕۆژەیاسای بودجەیان تەواو کردووە، بەڵام رەوانەکردنی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران بە ویستی "محەمەد شیاع سودانی" راگیراوە، چونکە دەیەوێت پڕۆژەیاساکە ھاوتای بەرنامە حکومییەکەی بێت و پێداویستییەکان لەخۆبگرێت بە تایبەت لە وەبەرھێنان لە پڕۆژەکاندا. 

کازمی پێشبینیشی کردووە ئەنجومەنی وەزیران کۆتایی ھەفتەی داھاتوو پڕۆژە یاساکە پەسەندبکات و رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی بکات.

سەبارەت بە پەیوەندی نێوان حکومەتی ھەرێم و عێراق، کازمی ئەوەی خستەڕوو، کێشەکان لەسەر ناشەفافی داھاتی ھەناردەی نەوتن و دانوستانەکانیش بەرەوپێشچوونیان بینیبوو، بەڵام بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کێشەکەی قوڵکردەوە. 

ھاوکات "رائید مالکی" ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران جەختی کردەوە لە گرنگی پەسەندکردنی پڕۆژەیاساکە کە مافە یاساییەکانی حکومەتی ھەرێم و عێراق دەستبەربکات، داواشی لە لێپرسراوانی ھەرێم کرد داھاتی ھەناردەی نەوت بەپێی یاسا رادەست بکەن. وتیشی، لەکاتی پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە نابێت رێککەوتنی کاتیی ھەبێت بەڵکو دەبێت چارەسەری ریشەیی بدۆزرێتەوە لەڕێگەی پەسەندکردنی یاسای تایبەت بە نەوت و غاز.