دەستەی سەرۆکایەتی لیژنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران دیاری دەکرێن

28/01/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

بڕیارە رۆژی یەکشەممە سەرۆکایەتی لیژنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دیاری بکرێن، لە کۆی ٢٥ لیژنەی ھەمیشەیی سەرۆکایەتی چوار لیژنە بەر کورد بەردەکەوێت.

"کاروان یاروەیس"ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، رۆژی یەک شەممە ھەڵبژاردن بۆ دەستەی سەرۆکایەتی لیژنە ھەمیشەییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران دەکرێت، کە پێکھاتوون لە سەرۆک و جێگری یەکەم و دووەمی لیژنەکان.

پێشتر "کەریم شکور"جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە کوردسات نیوزی راگەیاندبوو، لە کۆی ٢٥ لیژنەی ھەمیشەیی سەرۆکایەتی چوار لیژنە بەرکورد بەردەکەوێت، بەوپێیەش کورد سەرۆکایەتی لیژنەکانی"یاسایی و تەندروستی و پەیوەندییەکانی دەرەوە و لیژنەی کۆچ وکۆچبەران"ی بەردەکەوێت.

ھەروەھا بۆ لیژنەکانی نەوت و کشتوکاڵ و وەربەھێنان و وەرزش جێگری یەکەمیان بەرکورد دەکەوێت، دەستپاکی و ئاسایش و بەرگری و دارایی و کاروباری شەھیدان و ھەرێمەکان و گواستنەوە و گەیاندن و کارەباش جێگری دووەمی بەر کورد دەکەوێت.