ژەنراڵێكی ئەمریكا: لە ساڵی 2025 جەنگ لە نێوان ئەمریكا و چین روودەدات

28/01/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

ژەنراڵ مایك مینیهان لە هێزی ئاسمانی ئەمریكا پێشبینی دەكات لە ساڵی 2025 بەهۆی تایوانەوە جەنگ لە نێوان ئەمریكا و چین بەرپا بێت و داوا لە فەرماندەكانی سوپا دەكات ئامادەكاری بۆ جەنگەكە بكەن.

سەرەڕای هێوربوونەوەی گرژییەكانی نێوان چین و ئەمریكا بەڵام هێشتا مەترسی رووبەرووبوونەوەی سەربازی بەردەوامەو ژەنراڵێكی هێزی ئاسمانی ئەمریكا لە یاداشتێكدا دەڵێت لە ساڵی 2025  بەهۆی تایوانەوە جەنگ لە نێوان ئەمریكا و چین بەرپا دەبێت و داوا لە فەرماندەكانی سوپا دەكات ئامادەكاری بۆ جەنگەكە بكەن.

ژەنراڵ مایک مینیھان لە ھێزی ئاسمانی ئەمریکا، یاداشتنامەیەکی ئاراستەی فەرماندەکانی سوپا و ھێزی ئاسمانی کردووەو ئاماژەی بەوەکردووە، لە دوو ساڵی داھاتوودا ئەمریکا لەگەڵ چین دەکەوێتە جەنگەوە.
بەوتەی ئەو ژەنراڵە، چین ھەوڵدەدات ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی ٢٠٢٤ی ئەمریکا بەکاربھێنێت بۆ کۆنترۆڵکردنی تایوان. 

لە یاداشتەکەدا کە میدیاکانی ئەمریکا ناوەرۆکەکەیان بڵاوکردووەتەوە، داوا لە فەرماندەکانی ھێزی ئاسمانی دەکات، رێکارو رێوشوێنی فراوان دەستپێبکەن بۆ وەڵامدانەوەی ھەر کارێکی دوژمنکارانەی چین، داواش لە فەرماندەکانی سوپا دەکات لە کاتی مەشقەکاندا زیاتر ئامادەن بۆ مەترسییەکان.

لای خۆشییەوە، نوێنەری فەرماندەیی ئاسمانی ئەمریکا یاداشتەکەی پشتراستکردووەتەوە و رایگەیاندوە، یاداشتەکە لەسەر بنەمای ئەو ھەوڵانەیە کەلە چەند ساڵی رابردوودا گیراونەتەبەر بۆ ئامادەکاری ھەر رووبەڕووبوونەویەک لە حاڵەتی شکستھێنانی ھەوڵەکانی کۆنترۆڵکردنی قەیرانەکە.

سەردانەکەی مانگی ئابی رابردووی نانسی پیلوسی سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بۆ تایوان، ئاڵۆزییەکانی ئەمریکا و چینی گەیاندە لوتکەو حکومەتی چین سەردانەکەی پیلوسی  بەھاندانێکی ئەمریکی بۆ سەربەخۆیی تایوان لە چین ناوبرد. ھەر لەکاردانەوەی سەردانەکەی پیلوسی بۆ تایوان مانۆڕێکی سەربازی گەورەی دوورگەکە ئەنجامدا و نزیکبوو لەوەی پێکدادانی سەربازی رووبدات.

لە ھەوڵێکیشدا بۆ ھێورکردنەوەی گرژییەکان جۆبایدن سەرۆکی ئەمریکا و شینجین بینگ سەرۆکی چین رۆژی ١٥ی تشرینی دووەمی رابردوو لە پەراوێزی لوتکەی گروپی بیست لە ئیندۆنیزیا کۆبوونەوەو بڕیاریاندا لە رێی گفتوگۆوە ئاڵۆزییەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن. بەڵام بەیجین لە چەند ساڵی رابردوودا بەردەوام بەنیگەرانییەوە ڕوانیویەتییە نزیکبوونەوەکانی ئەمریکا و تایوان بەتایبەت ھاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ ھەرێمەکە بۆ رووبەرووبوونەوەی چین.

ژمارەی دانیشتوانی تایوان ٢٤ ملیۆن کەسە، یەکێکە لەو ھەرێمانەی لەدوای جەنگی ناوخۆیی چین  لە ساڵی ١٩٤٩ جیابووەتەوەو تا ئێستا حکومەتی چین نەیتوانیوە بیخاتەوە سەر خاکەکەی.