لە چەند پارێزگایەکی عێراق دەستبەسەر زیاتر لە ٥٠٠ ھەزار لیتر نەوتی قاچاخدا گیرا

27/01/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

لە چەند پارێزگایەکی عێراق دەستبەسەر زیاتر لە ٥٠٠ ھەزار لیتر نەوتی قاچاغدا گیرا و ٢٩ تۆمەتباریش دەستگیرکران.

دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە پشتبەستن بە ڕێنماییەکانی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکان و لە درێژەی ئەو زنجیرە ئۆپەراسیۆنانەی لەلایەن دەزگای ئاسایشی نیشتمانییەوە ئەنجامدراون بۆ بەدواداچوونی قاچاخچییەکانی بەرھەمە نەوتییەکان و ئەو کەسانەی بەشێوەی نایاسایی بازرگانی پێوەدەکەن لە پارێزگاکانی "بەغداد و نەجەف و کەرکوک و نەینەوا و  قادسیە و دیالە و بابل" دەستبەسەر زیاتر لە ٥٠٠ ھەزار لیتر نەوتی قاچاخدا گیرا.

ئاماژە بەوەشکراوە، قاچاخچییەکان ھەوڵی ئەوەیاندەدا ئەو نەوتە بەشێوەی قاچاخ لە ناوچە جیاجیاکان بگوازنەوە و پاشانیش بە ھاووڵاتیانی بفرۆشنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش ژمارەیەک کۆگای تایبەتیان ئامادەکردبوو.

ھەر بەپێی راگەیەنراوەکە، لە ئۆپەراسیۆنەکاندا دەستبەسەر ٢٠ تانکەردا گیراوە، ھەروەھا ٢٩ تۆمەتباریش دەستگیرکراون و رەوانەی لایەنی پەیوەندیدار کراون بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بەرامبەریان.