بڕیارە ناوەڕاستی ھەفتەی داھاتوو خۆپیشاندانی فراوان لە ئێران بەڕێوەدەچێت

27/01/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

گرووپێک بە ناوی گەنجانی شۆڕشگێڕی ئێران داوا لە ھاووڵاتیان دەکات ناوەڕاستی ھەفتەی داھاتوو بۆ ماوەی سێ رۆژ خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە ھەموو ناوچەکانی ئێران ئەنجام بدەن.

ماوەی زیاتر لە ١٣٠ رۆژە خۆپیشاندان لە رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامە و ئەمڕۆش لە شاری زاھیدان و چەند شارێکی تری ئێران خۆپیشاندان بەڕێوەچوو، لە ئەنجامدا گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەکان روویدا. 

ھاوکات گرووپێک بە ناوی گەنجانی شۆڕشگێڕی ئێران داوا لە ھاووڵاتیان دەکات رۆژانی دووشەممە و سێشەممە و چوارشەممەی داھاتوو خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە ھەموو ناوچەکانی ئێران ئەنجام بدەن.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەھۆی سەرکوتکردن و زیندانی و سزادانی خۆپیشاندەران و نەھاتنەدی ئامانجەکانی خۆپیشاندانەکە، تا رادەیەک خۆپیشاندانەکانی ھاووڵاتیانی رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران لاوازبوو، بە جۆرێک لە خۆپشاندانی مەیدانییەوە گۆڕا بۆ نوسین لەسەر دیوارەکان، بەڵام ئێستا ھەوڵێک ھەیە بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی خۆپیشاندانی فراوان.