هەدەپە كەمپینێكی بۆ كۆكردنەوەی هاوكاری دارایی بۆ پارتەكە راگەیاند

27/01/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

سەڵاحەدین دەمیرتاش، ھاوسەرۆکی پێشووتری ھەدەپە لە تویتەر ھەژمارێکی بانکی بۆ پشتیوانیکردن لە ھەڵمەتی ھاوکاریکردنی ئەو پارتە بڵاوکردەوە و دەڵێت، وەڵامی ئەوانە بدەنەوە کە دەستیان بەسەر پارەی ھەدەپەدا گرتووە.

دوای راگرتنی ھاوکارییە داراییەکانی دەوڵەت بۆ پارتی دیموکراتی گەلان - ھەدەپە و بلۆککردنی ھەژمارە بانکییەکانیان لەلایەن دەسەڵاتدانی تورکیاوە، ئەو پارتە ھەڵمەتێکی بەخشینی ھاوکاری بە ناوی (گەنجینەکەمان گەلەکەمانە) دەستپێکردووە و سەڵاحەدین دەمیرتاش ھاوسەرۆکی پێشووتری ھەدەپەش بە بڵاوکردنەوی ھەژمارێکی بانکی لە تویتەر پشتیوانی بۆ ھەڵمەتەکە راگەیاند.

سەڵاحەدین دەمیرتاش لە تویتەکەدا نووسیویەتی، باش دەبێت ئەگەر بتوانن وەڵامێک بدەنەوە بۆ ئەوانەی دەستیان بەسەر پشکی گەنجینەدا گرتووە، کە لە باجی دەنگدەرانی ھەدەپە پێکدێت و دەشڵێت، بەپێی ھێزی خۆت یەک لیرە یان ١٠٠ ھەزار لیرە بێت بیدە. 

رۆژی پێنجشەممە دادگای دەستوری تورکیا، ١٥ رۆژ مۆڵەتیدا بە ھەدەپە، بۆ ئەوەی لەبارەی بڕیاری بلۆککردنی ئەژمارە بانکییەکانیان و راگرتنی ھاوکارییە داراییەکانی دەوڵەت بۆ پارتەکە، بەرگری لەخۆی بکات.