وەزارەتی ناوخۆی عێراق گواستنەوەی ناسنامەی لە سنوری ماددەی ١٤٠ راگرت

27/01/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

وەزارەتی ناوخۆی عێراق ھەموو جۆرە گواستنەوەیەکی ناسنامەی باری شارستانی لە سنووری ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ راگرت.

بە پێی نووسراوێکی بەڕێوەبەرایەتی باری شارستانی سەربە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە ژمارە ٢٠١٥ کە ١٥/١/٢٠٢٣ بە ناونیشانی گواستنەوەی دۆسیەی ھاووڵاتییان بۆ ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق، ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییەکانیی باری شارستانی و پاسپۆرت و نشینگەی ھەرێمی کوردستان و پارێزگای دیالە و بەڕێوەبەرایەتییەکانیی باری شارستانی لە کەرخ و رەسافە کراوە و بڕیاردراوە بە راگرتنی ھەموو مامەڵەکانی گواستنەوەی ناسنامەی باری شارستانی لەو ناوچانەی ماددەی ١٤٠ی دەستوور دەیانگرێتەوە.

لەو نووسراوەدا کە ئیمزای لیوا ریاز جوندی کەعبی بەڕێوەبەری گشتی باری شارستانی بەوەکالەتی لەسەرە ھاتووە، تایبەت بە دۆسیەی ئەو ھاووڵاتییانەی دۆسیەکانیان بە ئەلکترۆنی کراوە لەو ناوچانەی ماددەی ١٤٠ دەیانگرێتەوە و ژمارەی نیشتمانییان پێدراوە و زانیاریی بایۆمەترییان جێگیرنەکراوە فەرمانکراوە بە فەرمانگەکانی باری شارستانی بەگەڕاندنەوەی دۆسیەی ئەو ھاووڵاتییانە و ھاوشێوەیان بۆ فەرمانگەکانی باری شارستانیی پێشوو، تائەو  کاتەی ماددەی ١٤٠ یەکلایی دەبێتەوە.

ھاوکات فەھمی بورھان سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بڕیارەکە لە بەرژەوەندی دیمۆگرافیای ناوچە کوردستانییەکاندایە و ھەموو ئەو مامەڵانەی پێشتر کراون بۆ گواستنەوەی ناسنامەکان ھەڵدەوەشێنێتەوە و بۆ داھاتووش رێگری لە مامەڵەی نوێی گواستنەوەی ناسنامە دەکات بۆ ناوچە کوردستانییەکان.