ماوەی ٤٠ رۆژە پێنج خانەوادەی پەنابەری کورد لە وڵاتی لاتیڤیا دەستبەسەرن

27/01/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

ماوەی ٤٠ رۆژە پێنج خانەوادەی پەنابەری کورد لە وڵاتی لاتیڤیا دەستبەسەرن و رەوشی ژیان و تەندروستییان خراپە.

رەنج پشدەری رۆژنامەنووس بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستیکەوتووە بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەو خێزانانە لە کەمپێکی داخراودان و پارەیان پێنەماوە و رێگەش نادرێت پارەیان بۆ رەوانە بکرێت. ھەروەھا ژنی دووگیان و منداڵی بچووکیان لەگەڵدایە و پێداویستی و خواردنیان زۆر خراپە و داوای پارێزەریان کردووە. 

رەنج پشدەری راشیگەیاند، ئەو خێزانانە رۆژانە چەند خولەکێک دەتوانن پەیوەندی بکەن و مۆبایل بەکاربھێنن، ھەروەھا کەیسەکەیان گەیەندراوەتە "ئەلێکساندرا یۆلکینا" کە پزیشکێکە و کاردەکات لەسەر رەوشی پەنابەرانی لاتیڤیا.

بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیش، ھێزە ئەمنییەکانی لاتیڤیا بەشێوەیەکی نامرۆڤانە مامەڵە لەگەڵ ژن و مندالڕن دەکەن و چەندین شەو لەناو دارستان و لەژێر پلەی سفری سیلیزی لە سنورەکانی بێلاڕوسیا رایاندەگرن.