ھاوپەیمانی فەتح: چوارچێوەی ھەماھەنگی پەیوەندی بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵییەوە نییە

27/01/2023
فۆتۆ: 
کوردسات نیوز

ھاوپەیمانی فەتح رایگەیاند، چوارچێوەی ھەماھەنگی پەیوەندی بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵییەوە نییە دژی ھەرێمی کوردستان و پابەندن بە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغداد.

مەھدی تەقی ئەندامی ھاوپەیمانی فەتح بە "عەرەبی جەدید"ی راگەیاندووە، چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان پەیوەندی بە سکاڵای راگرتنی ناردنی پارە بۆ ھەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو پابەندن بە چارەسەرکردنی تەواوی کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغداد بە دانوستان و لەسەر بنەمای دەستور، کە لەچەند رۆژی رابردووشدا بەرەوپێشچوونی باش بەدیھاتبوون.

مەھدی تەقی وتیشی، رێز لەو بڕیارانە دەگرن کە لە دادگای فیدراڵییەوە دەردەچێت و دەبێت تەواوی لایەن و لێپرسراوان جێبەجێبکەن، حکومەتی سودانیش دەبێت پابەندبێت پێوەی، بۆ ئەوەش ھەنگاوەکان بۆ کردنەوەی کەناڵی گفتوگۆ و دانوستان دەستیپێکردووە، بۆ دۆزینەوەی چارەسەری دەستوری و یاسایی سەبارەت بە رەوانەکردنی شایستە داراییەکانی ھەرێم.